رۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکانی خزمەتی شارستانی فیدڕاڵی و پاراستنی منداڵ دەکات لەگەڵ پرۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا کە خزمەتی کە تایبەتە بە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ.

لەوبارەیەوە کەریم شکور، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ھەر کەسێک ١٨ ساڵی تەواوکردبێت و مەرجانەی تێدا بێت، دەبێت سەربازیی بکات، ئەوانەشی دەیانگرێتەوە ماوەی خزمەتەکەیان بەپێی ئاستی خوێندن دەگۆڕێت. 

وتیشی، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ دەکەن و ئەگەر پەسند بکرێت لە ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، چونکە ھەرێم بەشێکە لە حکومەتی فیدراڵی عێراق.

ئاشکراشیکرد، ھەر گەنجێکی بەشداربووی خزمەتی سەربازیی، لە ماوەی خزمەتی سەربازیدا مانگانە ٧٠٠ ھەزار دیناری پێدەدرێت.