د.نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی کارنامەی حکومەتی نوێ، دەبێت حکومەت تاکو ناوەڕاستی ئەم مانگە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.

وتیشی، قەبارەی بودجەی ٢٠٢٣ دیار نییە، چونکە ھێشتا بە رەسمیی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە، بەڵام پێشبینی ناکەن بودجەکە کورتھێنانی ھەبێت، چونکە داھاتی حکومەت زیادیکردووە و نرخی نەوتی خاویش باش بووە.

لە ماوەی رابردوودا مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند بوو، رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ ئامادەکراوە، بەڵام بە وتەی د.نەرمین مەعرووف، حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، مافی خۆیەتی گۆڕانکاری لەو رەشنووسەدا بکات و پێداچوونەوەی بۆ بڕگەکانی بکات.