دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ دەستبەسەر ٥٥ موڵک و ٣٠٠ ملیار دیناردا دەگرێت
کوردسات نیوز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ کە تایبەتە بە دۆسیەکانی گەندەڵی، رێوشوێنی زیاتری لە دژی ژمارەیەک تۆمەتبار بە دزینی پارەکەی دەستەی گشتی باجەکان گرتۆتەبەر و لێکۆلینەوەکانیش بۆ ئاشکراکردنی لایەنی کەمتەرخەم بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئاڵۆزی لێکۆڵینەوە، بەڵام دادگا لیژنەیەکی تایبەتمەندی بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارە و موڵکی تۆمەتباران چڕکردۆتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا گەمارۆ خراوەتەوەسەر ٥٥ موڵکدا.
ھەروەھا پشکی دارایی تۆمەتبارێک و خێزانەکەی بە بەھای ١٦٧ ملیار دینار و ١٠٨ ملیار دیناری تر بەشێوەی کاش دەستی بەسەرداگیراوە، پشکێکی تریش کە بەھاکەی ١٠٠ ملیار دینار بووە لە یەکێک لە مۆڵە بازرگانییەکانی بەغداد دەستی بەسەرداگیراوە.



