تویتێکی مالکی رەوشی بازاڕی دراو لە عێراق شپرزە دەکات
کوردسات نیوز
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
(نوری مالکی) سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە توێتێکدا داوایکردووە، بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکرێتەوە و ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بکرێتە ١٣٧ ھەزار و ٥٠٠ دیناری عێراقی، دەشڵێت، بڕیاری پێشوو بۆ دابەزینی بەھای دینار، قەیرانی گەورەی ئابوری بۆ خەڵک دروستکردووە.
ئەم لێدوانەی (مالکی) دوای ئەوە دێت کە (محمەد شیاع سودانی) سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی پابەند دەبێت بە سیاسەتی نەختینەی و دراوی بانکی ناوەندی عێراق.
ئەم پێشھاتەش لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، بەھۆی بڕیاری بانکی ناوەندی عێراق بۆ کەمکردنەوەی بڕی خستنەڕووی دۆلار بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ، بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار جارێکی تر دابەزی و ١٠٠ دۆلار بۆ سەروو ١٤٧ ھەزار دینار بەرزبۆوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم ھەفتەیە بەھای ١٠٠ دۆلار بۆ ١٤٥ ھەزار و ٥٠٠ دینار دابەزیبوو.