لێپرسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق بۆ یەکەمینجار لە ماوەی چەندین ساڵدا ١٠٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، ئەوەش بەھۆی ئەوەی داھاتی زۆر بۆ عێراق گەڕاوەتەوە و ھەوڵدەدرێت قەرەبووی پڕۆژە راگیراوەکان بکرێتەوە.

وتیشی، بۆ یەکەمینجار خەرجی بەگەڕخستن کەمتر دەبێت لە خەرجی تایبەت بە وەربەرھێنان و گەشەسەندن و بوژانەوەی ژێرخانەکان.

ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق راشیگەیاندووە، پێشبینیدەکرێت پڕۆژە یاسای بودجە لە ماوەی مانگێکدا رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و دواتر بنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری. 

دوێنێش وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیانکردووە بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو.