محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ڤایرۆسی گەندەڵی ھەڕەشەیە لەسەر دەوڵەت و بەھەموو شێوەیەک کار بۆ ئەوە دەکەن روبەڕووی گەندەڵکاران بوەستنەوە و دەزگا و دامەزراوە ئەمنییەکانیش لە ململانێ و وەبەرھێنانی سیاسی دوور دەخەنەوە و بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی سەرۆکی دەزگاکان و راوێژکارە باڵاکانیش کردنە ئامانجی ھیچ لایەنێکی سیاسیش نیە، چونکە ئەوانە حکومەتی کاربەڕێکەر دایمەزراندوون کە نایاساییە.

جەختیشیکردەوە، کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی چارەسەکردنی کێشەی ھەژاری و بێکاری و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی ئابووری و خزمەتکردنی عێراقییەکان دەبێت.

سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت پەیوەندی بەبڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ھەیە کە خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە و حکومەتیش ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن، وتیشی، پێویستە سەرجەم بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی جێبەجێ بکرێن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا سودانی وتی، حکومەتی عێراق پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی ھەموو ئەوانەی بەھۆی گۆڕانکاری لە بەھای دۆلار زیانی زۆریان بەرکەوتووە.