پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە نزیک پردی بنووک لە باکووری رۆژھەڵاتی شاری بەغداد، تانکەرێکی گواستنەوەی گازی شل کۆنترۆڵی لەدەستداوە و لە نزیک یاریگەیەکی تۆپی پێ تەقیووەتەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد رایگەیاند، بەھۆی تەقینەوەی تانکەرەکەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ کەسی تریش بریندار بوون، کە بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، بەشێک لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە و پێویستیان بە نەشتەرگەری ھەیە، ھاوکات بەھۆی تەقینەوەکەوە زیان بەر ژمارەیەک خانو و ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیان گەیشتووە.

بەپێی زانیارییەکان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی راسپاردووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات، ھاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، ھێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی پێویست کردووە بۆ ئاشکراکردنی ھۆکاری تەقینەوەی تانکەرەکە.