حکومەتی نوێ پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات
کوردسات نیوز
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
غەریب عەسکەر بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، یەکێک لەو یاسایانەی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، دەیەوێت لە داھاتوویەکی نزیکدا رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات، رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتووە، کە پێشتر ئەو رەشنووسە پێشتر لەلایەن حکومەتەکەی مستەفا کازمیەوە ئامادەکراوە و لە ئێستادا حکومەتی نوێ کار لەسەر دەستکاریکردنی ھەندێک لە بڕگەکانی دەکات، بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ کارنامەی حکومەتەکە.
غەریب عەسکر راشیگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران ھەر کە پڕۆژە یاسای بودجەی بەدەستگەیشت، لە سەرەتای ساڵی داراییدا لیژنە بۆ تاوتوێکردنی پێکدەھێنن، وتیشی، پێیان وایە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ جیاواز دەبێت لە بودجەی ساڵانی رابردوو، ئەوەش بەھۆی زیادبوونی داھات کە ھۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.