ھەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا لە دوو راگەیەندراوی جیاجیادا ئاماژەیان بەوە کردووە، کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی دڵخۆشکەرە بەتایبەتی لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئابوری و نەھێشتنی دیاردەی چەکداری و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، بۆیە بەھەموو شێوەیەک ئامادەن پشتیوانی بکەن.

جۆزێپ بۆرێل رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش رایگەیاندووە، عێراق پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ھەیە و ئامادەن ھەموو ھاوکارییەکی حکومەتی نوێی عێراق بکەن، ئامادەییشی پیشانداوە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ھاوکاری ئەوروپی - عێراقی لە داھاتوویەکی نزیکدا.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندوە، پێویستە حکومەتی نوێی عێراق پابەندی بەڵێنەکانی بێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەیە ھەموو ھاوکارییەکی بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە.