بە رەسمی کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بڵاوکرایەوە
ئایار
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
بەپێی کارنامەکە ئەولەویەتی کاری حکومەتی نوێ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و چارەسەرکردنی بێکاری و رەخساندنی ھەلی کارە، ھاوکات چاو بە سەرجەم بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکدا دەخشێندرێتەوە، بە تایبەت بڕیارە ئابووری و ئەمنییەکان، ھەروەھا پارەی پترۆ دۆلار بۆ ئەو پارێزگایانەی خاوەنی نەوت و غازن خەرجدەکرێت.
بەپێی ئەو کارنامەیە حکومەتی نوێی عێراق جەختدەکاتەوە لە ھەماھەنگی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێم لەبارەی بڕیار و دۆسێکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا کارنامەکە رێککەوتنی شەنگال لەخۆدەگرێت، بۆ ئاساییکردنەوە و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ قەزای شەنگال، ھەروەھا تەواوکردنی رێکارەکانی رێککەوتنی تایبەت بە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە و تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کردەوە تیرۆریستیەکان و ئەو پارێزگایانەی بەھۆی تیرۆرەوە زەرەرمەندبوون، ھەروەھا خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەو کەسانەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەیانگرێتەوە.