بە بڕیاری محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەعات دووی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بە حکومەتی نوێ و بەرنامەی کارەکەی حکومەتەکە کۆدەبێتەوە و لیژنەیەکیش پێکدەھێنرێت بۆئەوەی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، راپۆرتێک لەبارەی بەرنامەی کاری حکومەت ئامادە بکات.

ئەحمەد کنانی پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی سادیقوون رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ "سی ڤی" کاندیدەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و بەشێک لەو ناوانەی چەند رۆژی رابردوو بڵاوکرانەوە گۆڕانکارییان تێدا کراوە.

ھاوکات بەپێی زانیارییەکان، نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق، ئەمشەو تاکو بەرەبەیان سەرقاڵی یەکلاییکردنەوە و پێداچوونەوە بوون بە ناوی کاندیدی پۆستە وەزارییەکان، باس لەوەش دەکرێت ناوی پێنج کاندید گۆڕانکاری تێدا کراوە، ھەر بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ لە کۆی ٢٤ وزارەتی کابینەی نوێی حکومەت کەمتر لە ٢٠ وەزارەتی یەکلایی دەبنەوە و چوار بۆ پێنج وەزارەت بەھۆی ناکۆکی لایەنەکان پڕکردنەوەیان بۆ کاتێکی تر دوادەخرێت.