ئەمڕۆ تشرینییەکان لە چەندین پارێزگای عێراق خۆپیشاندان دەکەن
کوردسات نیوز
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
بەپێی راگەیەندراوی خۆپیشاندەرانی تشرینییەکان، خۆپیشاندانەکانیان، بەغداد و زیاتر لە ١٠ پارێزگای تری باشور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە و چەندین دروشم بەرز دەکەنەوە، کە یەکێکیان رەتکردنەوەی حکومەتەکەی "محەمەد شیاع سودانی"یە کە ھێشتا پێکنەھێندراوە.
ھەر بەھۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، زۆرینەی شەقامەکانی نزیک گۆڕەپانی تەحریر داخراون، لەنێویاندا پردی سنک و کۆماری. ھەروەھا شەقامی کۆماری کە دەچێتە سەر گۆڕەپانی خەلانی و دەروازەی ناوچەی سەوز بە ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داخراون.
"مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقیش ١٠ بڕیاری بۆ ھێزە ئەمنییەکان دەرکرد و داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکان گیانی خۆپیشاندەران و دامەزراوەکانی حکومەت بپارێزن، نابێت فیشەک و گوللەی پلاستیکی دژی خۆپیشاندەران بەکاربھێندرێت.
ئەو خۆپیشاندانە ھاوکات دەبێت لەگەڵ سێیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند و بەھۆیەوە زیاتر لە ٧٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەسیش برینداربوون، تائێستاش بکوژانی ئەو خۆپیشاندەرانە بە سزا نەگەیەندراون.