چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکھێنانی حکومەت و لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کۆبووەوە، بە پێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیرانی  راسپێردراو سەرپشک کراوە لە دیاریکردنی وەزیرەکانی پەیوەست بە قورسایی چوارچێوەی ھەڵبژاردن، دوای ئەوەی ھێزە سیاسییەکان لیستەکانیان بە ژمارەی پەرلەمانتاران و کاندیدەکانیان پێشکەش دەکەن بە پێی پێوەرەکانی سەرۆک وەزیران بۆ کۆمەڵێک لە وەزارەتەکان.

ھەروەھا سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو سەرپشک کرا لەنێو کاندیدەکاندا وەزیرەکانی دەستنیشان بکات یاخود پێشنیازی کەسانی تر بکات.

جگە لەوەش سەرۆک وەزیران سەرپشک کرا لە گۆڕینی وەزارەتەکان لەنێوان پێکھاتەکان یاخود لەنێو یەک پێکھاتەدا و بەدەرکردنی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری لە پشکپشکێنە و کاندیدکردنی کەسایەتی مەدەنی یاخود سەربازی، بەجۆرێک گەرەنتی بەدیھێنانی حکومەتێکی کارای خزمەتگوزار بکات کە بگونجێت لەگەڵ بەرنامە وزارییەکەی.