سودانی ناوی چەندین کاندیدی بۆ وەزارەتەکان رەتکردووەتەوە
کوردسات نیوز
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
سەرچاوەیەکی نزیک لە محەمەد شیاع سودانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە رایگەیاندووە، ھێزە سیاسییەکان فشار لەسەر سودانی دروستدەکەن بۆ قبوڵکردنی کاندیدەکانیان.
وتیشی، سودانی ناوی چەندین کاندیدی بۆ وەزارەتەکان رەتکردووەتەوە و داوایکردووە ناوی تر پێشکەش بکرێن، ئەگەر لایەنەکانیش لەسەر ئەو ناوانە سووربن ئەوا سودانی خۆی ناوێک کاندید دەکات.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، ناکۆکی لەنێوان کوتلە سیاسییەکان سەبارەت بە دابەشکردنی وەزارەتەکان دروستبووە، بەشێوەیەک سونەکان لەسەر شەش وەزارەت و لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگییش لەسەر دابەشکردنی ١٢ وەزارەت کە لە پشکی ئەوانە، ناکۆکییان لەنێواندا دروستبووە، پۆستی جێگرانی سەرۆک وەزیرانیش ئاستەنگی لەبەردەم دانووستانەکانی پێکھێنانی حکومەت لەچەند سەعاتی رابردوودا دروستکردووە.
مەحمود حیانی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتحیش رایگەیاندووە، بەھۆی ناکۆکی نێوان سودانی و ھێزە سیاسییەکان لەسەر کاندیدەکان، رەنگە دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێ دوابکەوێت.