سوپای عێراق کوژرانی ١٥٠ سەرکردەی داعشی راگەیاند
ئایار
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لەگەڵ سەرجەم فەرماندەییە ئەمنییەکان کاردەکات بۆ کۆتاییھێنان بە پاشماوەکانی داعش و ئەو گرووپە بەھۆی زنجیرە ھێرشە ئاسمانییەکانی سوپای عێراقەوە، توانای سەرکردایەتیکردن و داگیرکردنی ناوچەکانی لەدەستداوە و سەرکردە دیارەکانی کوژراون، بەجۆرێک لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ١٥٠ سەرکردەی ئەو گرووپە کوژراون.
لیوا تەحسین خەفاجی راشیگەیاند، بەھۆی بەرزی توانای پلانی بەرگریی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور و سوپای عێراق و بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە لە رێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆریستان لەسنوورەکانەوە، سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵدان و بە کامێرا چاودێری دەکرێن بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆریستان.



