مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند، حکومەتی ئێستا کە تەمەنی دوو ساڵ و شەش مانگە، نەک تەنھا توانی قۆناغە بەبێ بودجە سەختەکان بەسەرکەوتوویی تێپەڕێنێت، بەڵکو یەدەگی دراوی لە ٤٩ ملیار دۆلارەوە گەیاندە ٨٥ ملیار دۆلار و یەدەگی زێڕیشی لە ٩٦ تۆنەوە گەیاندوەتە ١٣٤ تۆن.

وتیشی، دۆسێی دیارنەمانی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکە ماوەی چەند مانگێکە لەلایەن حکومەتەوە ئاشکراکراوە و بە نھێنی زۆر بەوردی کاری لەسەر دەکات، کەچی ئێستا ھەندێک لایەن دەیانەوێت بیکەنە دەسکەوت بۆخۆیان، بەڵام وادەی لێکۆڵینەوە و رادەستکردنی ئەو دۆسێیە بە دادگا دەیسەلمێنێت کێ و کەی ئەو دۆسێیەی ئاشکراکردووە و بە وردی کاری لەسەر کردووە.