محەمەد شیاع سودانی لە کۆشکی حکومی دەستبەکار بوو
ئایار
١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق کاروبارەکانی لە کۆشکی حکومی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغداد دەستپێکردووە، راشیگەیاند، سودانی لەو کۆشکە دەست بە کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی دەکات، بۆ پێشکەشکردنی ئەندامانی کابینە وزارییەکەی بە ئەنجومەنی نوێنەران و وەرگرتنی متمانە.
محەمەد شیاع سودانی تەمەن ٥٢ ساڵ، رۆژی پێنجشەممە لەلایەن د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی نوێی عێراق راسپێردرا و ماوەی ٣٠ رۆژی لە بەردەستدایە بۆ پێکھێنانی کابینەکەی.
رۆژی شەممە ئیھاب عەیاد ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی رەوتی فوراتەین رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی چەند سەعاتێک دوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، دەستی بە دانوستانەکان کردووە بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەتەکەی و دەتوانێت لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ رۆژ کابینەی نوێی حکومەت پێکبھێنێت.