خەفاجی: زۆربەی گەورە تیرۆریستەکانی داعش کوژراون یان دەستگیرکراون
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا چەند ئۆپراسیۆنێکی چڕی سەربازیی زەمینی و ئاسمانی لە دژی پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش ئەنجام دراون و بەھۆیانەوە ژمارەیەکی زۆر شانەی تیرۆریستی و گەورە تیرۆریستەکانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کوژران و دەستگیرکران.
وتیشی، دەتوانن بڵێن ئێستا لە عێراق کەسێکی دیاریکراو نەماوە لەناو گروپی تیرۆریستی داعش سەرپەرشتی پاشماوەکانیان بکات، کە ئەوەش گورزێکی کوشندەیە بۆ ئەو گروپە تیرۆریستییە، ھاوکارییەکانی ھاوڵاتیانیش بۆ سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دیاریکردنی شوێنی تیرۆریستان، ھۆکارێکی سەرەکی لەناوبردنی پاشماوەکانی داعشە.