دەوڵەتی یاسا داوا دەکات رێگری لە گەشتکردنی کازمی و وەزیرانی کابینەکەی بکرێت
کوردسات نیوز
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاندوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و ھەندێک لایەنی سیاسی رێگربوون لە بەردەم ھەوڵەکانی تایبەت بە پێکھێنانی حکومەتی نوێ، بە ھۆی مەترسییان لە ھەڵدانەوەی دۆسێی گەندەڵی و کارە نایاساییەکانیان، بە تایبەتیش بە ھەدەردانی پارەیەکی زۆر لە رێگەی یاسای ئاسایشی خۆراکەوە.
ئاماژەی بەوەیش کردوە، کازمی و وەزیرانی کابینەکەی لە ماوەی دەسەڵاتیاندا دۆسێیەکی زۆری کاری نایاسایی و گەندەڵییان لەسەرە و لەگەڵ پێکھێھنانی حکومەتی نوێدا ھەموو ئەو دۆسێیانە ھەڵدەدرێنەوە و بە وردی کاریان لەسەر دەکرێت، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە فەرمانی رێگریکردن لە گەشتکردنی کازمی و وەزیرانی کابینەکەی دەربکرێت.