لایەنەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر کۆبوونەوەکەی سبەینێ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ھەیە
لاڤە
١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە و تائێستا لایەنەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە ھەیە.
دەوڵەتی یاسا لە زاری "موھەنەد خەزرەجی" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە رایگەیاندووە، کاندیدی سەرۆک کۆمار تێدەپەڕێت بە رێککەوتنی کوتلە سیاسییەکان. وتیشی رێککەوتنی لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە بابەتێکە پەیوەندی بە خۆیانەوە ھەیە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، ھەمووان درکیان بەوەکردووە کە دەبێت سەرۆک کۆمار ھەڵببژێرێت، چونکە رەوشی عێراق بەرگەی دواکەوتنی زیاتر ناگرێت و ئاڵۆزی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
"فازڵ مەوات کەسار" سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگیش وتویەتی، پێناچێت رەوتی سەدر ھیچ کاردانەوەیەکی سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار ھەبێت.
بە وتەی ئەو سەرکردەیە، چوارچێوە ترسی نییە لە کاردانەوەی رەوتی سەدر، چونکە دانیشتنەکە یاسایی و دەستورییە و رەوشی وڵاتیش پێویستی بە پێکھێنانی حکومەتە ئەگەرنا دەکەوێتە چەقبەستویی و قەیرانی زیاترەوە.
ھەروەھا "حەسەن فدعم" سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی وتی، مەحاڵە ھێزە کوردییەکان بە یەک کاندیدی ھاوبەشەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن، وتیشی رکابەرییەکە بە دوو خول دەبێت بۆ دیاریکردنی براوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.
ھاوکات بەشێکی تر لە ئەندامانی چوارچێوەی ھەماھەنگی وای بۆ دەچن لە کۆبوونەوەکەدا "محەمەد شیاع سودانی"یش بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رابسپێرێت، ئەگەر بێتو تا سبەینێ رەوتی سەدر رازی نەبێت بە دانوستان. دەشڵێن ئەگەر رەوتی سەدر بەر لە دانیشتنەکە رازی بێت بە دانوستان، ئەوا "سودانی" قوربانی یەکەم دەبێت.
کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەعات ١١ی بەیانی دەستپێدەکات و تەنھا یەک بڕگە لەخۆدەگرێت کە بریتییە لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. بەپێی ئەو ناوانەشی بڵاوکراونەتەوە، ٣٣ کەس کاندیدن بۆ وەگرتنی ئەو پۆستە.
دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنەکە ھەیە، واتە ٢٢٠ پەرلەمانتار لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار. یەکێک لە پێشبینییەکانیش بۆ کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران تەواونەکرێت و کۆبوونەوەکە شکستبێنێت.
بەپێی دەستوری عێراق کە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکراوە، سەرۆک کۆماری عێراق ھیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری نییە و ئەرکی تەشریفی پێسپێردراوە، وەک ئیمزاکردنی مەراسیمی کۆماری و پێشکەشکردنی پێشنیازە یاسا و نوێنەرایەتی کردنی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمە سەرباری راسپاردنی کاندیدی گەورەترین کوتلە لە پەرلەمان بۆ پێکھێنانی حکومەت.