فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە و گفتوگۆ لەبارەی بۆردومانەکانی ئەم دواییەی ئێران و تورکیا لە ھەرێمی کوردستان کراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمەڵێک رێکاریان بەرامبەر بۆردومانەکانی ئێران گرتووەتەبەر، وەک بانگھێشکردنی باڵیۆزی ئێران و پێشکەشکردنی یاداشتی توندی ناڕەزایی، راشیگەیاندووە، وەفدێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەردانی ئێران دەکەن.

ھەروەھا فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق یاداشتێکی ناڕەزایی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران دابنێت.

رۆژی ٢٨ی مانگی رابردوو ئێران بە مووشەک و درۆن ژمارەیەک بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی لە ھەرێمی کوردستان بۆردومان کرد و بەھۆیەوە ١٧ کەس گیانیانلەدەستدا.