عەبدولئیلا نائلی سەرۆکی دامەزراوەی شەھیدانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تاوانەکانی داعش لە عێراق، کە بە "یونیتاد" ناسراوە، کۆبوونەتەوە و میکانیزمی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی داعشیان تاوتوێ کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ "یونیتاد" پشکنینی سەرەتایی بۆ سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە قەزاکانی شەنگال و تەلەعفەر لە سنووری پارێزگای نەینەوا و قەزای ھیت لە پارێزگای ئەنبار دەکەن و لە ناوچەی مەکیشیفەی پارێزگای سەڵاحەدینیش پشکنین دەکەن، بۆ جێبەجێکردنی پلانی تایبەت بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەمساڵدا.

عەبدولئیلا نائلی راشیگەیاند، ئەوەندەی بتوانن بەڵگە لەبارەی تاوانەکانی داعش کۆدەکەنەوە و پاڵپشتی ھەوڵەکانی وەرگرتنی مافی قوربانییەکان دەکەن.

دوای شکستی داعش، چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لەو ناوچانە دۆزرانەوە، کە داعش داگیریکردبوون، بە تایبەت لە سنووری قەزای شەنگال ژمارەیەک گۆڕ ھەڵدرانەوە کە رووفاتی دەیان کەسیان تێدا بوو.