حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا ئەرکی ھێزەکانی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی ناتۆدا کاردەکەن تاوەکو تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ درێژبکاتەوە، بڕیاریشە رۆژی ٢١ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیارەکەی حکومەت بخاتە دەنگدانەوە و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە پەسەند دەکرێت.

ئەڵمانیا ٥٠٠ راوێژکاری سەربازی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە کە ئەرکیان مەشق و پێشکەشکردنی زانیاری ھەواڵگری و سەربازییە لەپێناو بەرزکردنەوەی توانای سەربازی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش.

ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٤ ھاوکارێکی سەرەکی ھێزەکانی پێشمەرگەیە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و جگەلە مەشق و راھێنان چەندین جۆر چەکی پێشکەش بە ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ شەوە لە چوارچێوەی ناتۆدا بەشدارە لە ئەرکی چاودێری ئاسمانی و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ ھاوکاریکردنی پێشمەرگەو سوپای عێراق.