سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستییەکان داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکات
کوردسات نیوز
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە ئاڕاستەی سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتەکە کراوە و تایبەتە بە وانەی کوردی و تیایدا دەڵێت، ھەر خوێندکارێک لە وانەی کوردیدا دەرنەچێت، بە کەوتوو دانانرێت، فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەبێت دڵنیا ببنەوە لە راستی و دروستی نووسراوەکە، بەڵام نییەتێک لە حکومەتی فیدراڵ ھەیە کە فشار بۆ سەر زمانی کوردی و زەوی کشتوکاڵی و گوندەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیداری ھەرێم دروست دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، راستە بڕیارەکە تایبەت بە خوێندنگەکانی خوێندنی عەرەبی، بەڵام بەپێی دەستوور ھەردوو زمانی (کوردی و عەرەبی) دەبێت لە سەرتاسەری وڵات وەک یەک کاری پێبکرێت، نیگەرانیشی لەو بڕیارە دەربڕی و داوای روونکردنەوەی لە وەزارەتی پەروەردە کرد.
بەپێی ماددەی ژمارە (٤) بڕگەی یەکەم لە دەستووری عێراق، ھەردوو (زمانی کوردی و عەرەبی) بە دوو زمانی رەسمی لە وڵاتەکە دەستنیشانکراون و دەبێت وەک یەک کاریان پێبکرێت.