ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارکۆدەبێتەوە
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
"محەمەد شمەری" لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای لە یەکێتی و پارتی کردووە پەلە بکەن لە یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار بۆ ئەوەی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەت تەواو بکرێت.
وتیشی ئەگەر لە ماوەی دوو ھەفتەدا یەکێتی و پارتی رێکنەکەون، چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ دیاری کردنی سەرۆک کۆمار.
"محەمەد شمەری" باسی لەوەشکرد، چوارچێوە وەک گەورەترین کوتلە ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و "محەمەد شیاع سودانی" بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری کردووە. وتیشی پێدەچێت کۆتایی ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دیاری کردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق کۆببێتەوە.
پێشتریش "عەباس عامری" ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، ماوەی ١٠ رۆژ دراوەتە ھێزە کوردییەکان بۆ ئەوەی رێکبکەون لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.


