شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، ھێزە ئەمنییەکان ھەوڵی زۆریاندا بۆ پارێزگاریکردن لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز کە داوای مافی رەوای خۆیان دەکرد، بەڵام کۆمەڵێک "لەیاسا دەرچوو"، لەناو خۆپیشاندەرانەوە دەستیان کرد بە سووتاندنی کابینەکانی سەر بە ئەنجومەنی پارێزگا و تێکدان و سووتاندنی موڵک و ماڵی گشتی، کە ئەو کارەش رەتکراوەیە و رووبەڕووی سزای یاساییان دەکەنەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی داواشی لە خۆپیشاندەران کرد، ئاشتیی خۆپیشاندانەکانیان بپارێزن و رێگە بە تێکەڵبوونی دەستدرێژیکاران لەگەڵ خۆپیشاندەران نەدەن.

ھاوکات محەمەد ھادی پارێزگاری زیقار رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سۆمەر کۆبووەتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رەوشی ئەمنی پارێزگاکە و راگرتنی پشێووییەکان، راشیگەیاند، قەدەغەی ھاتوچۆ لە پارێزگاکە رادەگەیەنن و ئەو "کۆمەڵە دەمامکدار"ە دەستگیر دەکەن، کە ھەوڵی سووتاندنی باڵەخانە حکومییەکانیاندا.