ھادی عامری پەیامێکی بۆ ساڵڕۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال بڵاوکردەوە
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە پەیامێکیدا بۆ ساڵڕۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال رایگەیاندووە، سەرۆک مام جەلال رۆڵی باوکی بۆ عێراقییەکان ھەبوو، جێپەنجەی لە مێژووی عێراقدا بەجێھێشتووە، لە رۆژانی خەبات و شۆڕشگێڕیدا ناسیومانە کە سیمبۆلی نەتەوەیەک بوو و ساڵانی زۆری پڕ نەھامەتی کۆی کردینەوە و پەیوەندییەکی زۆر بەھێز و پتەومان ھەبوو لە پێناو رزگارکردنی عێراق لە دیکتاتۆریەت، دواتر لە سەردەمی دەسەڵات و حوکمڕانیشدا ناسیمان کە نمونەیە لە دانایی و سادەیی و چەند شارەزایە لە بەڕێوەبردن و سیاسەتدا.
دەشڵێت، سەرۆک مام جەلال شارەزایەکی زۆری لە ھەموو کێشەکان و چۆنێتی چارەسەرکردنیان ھەبوو، ھەموو عێراقییەکان خۆشیان دەویست، چونکە مام جەلال ھەموو عێراقییەکانی خۆشدەویست، ماڵەکەی ببوە شوێنی کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان و بە شێوەیەکی دۆستانە چارەسەری بۆ کێشە و ناکۆکی نێوان لایەنەکان دەدۆزیەوە.
ھادی عامری لە پەیامەکەیدا دەڵێت، سەرۆک مام جەلال تەنھا موڵکی خانەوادەکەی و کوردستان نییە، بەڵکو مێژوو و سەرکردەیەکی عێراقییەکانە کە لە بیر ناکرێ و پێویستە ئەزموونی سیاسی و سیاسەتەمەدارانیش لە عێراق سوود لەو مێژووە وەربگرن.