لە سێیەم ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرین، تشرینییەکان لە گۆڕەبانی نسوور لە شاری بەغداد و لە نزیک باڵەخانەکانی پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگا لە شارەکانی میسان و واست و بەسرە و چەندین شاری تری باشووری عێراق، خۆپیشاندانی تشرینییەکان بەڕێوەچوو، لە زۆرینەی خۆپیشاندانەکانیش گرژی و ئاڵۆزی دروستبوون و بەپێی ھەندێک تۆماری ڤیدیۆیی لە چەند ناوچەیەک، خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان بە دار و بەرد رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، سەرباری داواکاری ھێزە ئەمنییەکان بۆ دوورکەوتنەوەی "دەستدرێژیکاران" لە خۆپیشاندانەکان، بەڵام "کۆمەڵێک لە یاسا دەرچوو"، تێکەڵی خۆپیشاندەران بوون و کەلوپەلی نایاساییان لەکاتی خۆپیشاندانەکان بەکارھێنا، کە بەھۆیەوە لە خۆپیشاندانەکانی بەغداد، ١٩ ئەفسەر و پلەدار کە راسپێردرابوون بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، لەگەڵ نۆ مەدەنی بریندار بوون، داواشی لە خۆپیشاندەران کرد، ئاگاداری ئەو کەلوپەل و ماددە سوتێنەرانەبن، کە لەلایەن "دەستدرێژکاران"ەوە بەکاردەھێندرێن.

ھاوکات نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق "یۆنامی" لە تویتێکدا رایگەیاند، داوا لە ھەموو لایەک دەکەن، خۆیان لە توندوتیژی بەدووربگرن و رێگری بکەن لە زیادبوونی گرژییەکان.