سەرەڕای پلانی ورد، سەردانە رەسمییەکەی ترەمپ بۆ بەریتانیا پڕە لە کێشە و ئاستەنگی شاراوە و رێکخستنی سەردانەکە و ئامادەکارییەکان لەوێ تیمی پرۆتۆکۆڵی هەردوو وڵاتی بە تەواوی ماندو و سەرقاڵکردووە.
سەردانە رەسمییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ شانشینی یەکگرتوو لەم هەفتەیەدا، هاوشێوەی سەردانەکەی پێشووی لە شەش ساڵ لەمەوبەر، بەدەر نابێت لە مشتومڕ و ناکۆکی.
ئەو کاتە، لە حوزەیرانی 2019دا، سەرۆکی ئەمریکا جگە لە چاخواردنەوە لەگەڵ شاژنی کۆچکردوو، سادق خان، سەرۆکی شارەوانی لەندەنی بە "دۆڕاوێکی تەواو" ناوبرد، پشتیوانی لە بۆریس جۆنسن کرد لە کێبڕکێی سەرکردایەتی پارتی پارێزگاراندا، و پێشنیازی کرد کە دەزگای تەندروستی نیشتمانی (NHS) ببێتە بەشێک لە گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا.
هەموو ئەمانە هاوکات بوون لەگەڵ ئیمزاکردنی سکاڵایەک لەلایەن زیاتر لە یەک ملیۆن کەسەوە کە داوایان دەکرد نابێت پێشوازی رەسمی لێ بکرێت، هەروەها خۆپیشاندانی بەرفراوان بە بەشداری هەزاران کەس و پەیکەرێکی گەورەی فوودراو کە بە "منداڵە ترەمپەکە" ناسرا.
دووەم سەردانی رەسمی لەم هەفتەیەدا هەڵگری زۆرێک لە مشتومڕ و بۆچوونی جیاوازە.
جارێکی تر خۆپیشاندانەکان دەستپێدەکەنەوە و دەرکردنی لۆرد ماندلسن وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا، پێشوەختە سێبەرێکی دیپلۆماسیی خستووەتە سەر کارەکان.
پلاندانان بۆ سەردانەکە – کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دەبێت – چەندین مانگی خایاندووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئامادەکارییە وردەکان، ئەگەری ئەوەی شتەکان بە هەڵەدا بڕۆن هێشتا زۆر راستەقینەیە.
بۆ زۆرێک لە رێکخەرانیش، پرسی ماندلسن تەنها یەکێکە لە نیگەرانییەکانیان.
چۆن ویندسۆر بوو بە "ترەمپتۆن"
بۆ لایەنی شاهانەی نمایشەکە، تەرکیز لەسەر کاروباری رێکخستن (لۆجستیات) و ئاسایش بووە – و گۆڕینی قەڵای ویندسۆر بۆ بازنەیەکی پۆڵایین کە ئەوەندە پتەو بێت تەنانەت وردبینترین بریکارەکانی دەزگای نهێنیش ڕازی بکات.
ئامادەبوونی ئەمریکییەکان ئەوەندە زۆر بووە کە هەندێک لە دانیشتووە ناوخۆییەکان ناوی ویندسۆریان گۆڕیوە بۆ "ترەمپتۆن"، کە لە ناوی شارۆچکەیەک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی منداڵانی ساڵانی حەفتاکانەوە وەرگیراوە.
بۆ کاربەدەستانی کۆشک، گرنگیدان بە وردەکارییەکان هەموو شتێکە.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکان دۆزینەوەی شوێنێک بووە بۆ کۆکردنەوەی پاسەوانە ئەسپ سوارەکانی شاهانە.
پێویستە ئەوەندە دوور بێت لە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکان تا دڵنیا بنەوە ئەسپەکان لەبەر دەنگەدەنگەکە نەسڵەمێنەوە، و ئەوەندەش نزیک بێت تا بە خێرایی کاروانی یاوەریی گالیسکەکەی خێزانی ترەمپ پێکبهێنن لەناو باخچەکانی قەڵای ویندسۆردا.
هەروەها گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان کۆشک و وەزارەتی دەرەوەدا کراوە لەسەر ئەوەی کێ لە کوێ دادەنیشێت لە خوانە فەرمییەکەی هۆڵی سانت جۆرجدا.
یەکێک لە کەسە ئاگادارەکانی ناو کۆشک وتی: "بەهای ئەم شتانە تەنها وێنەگرتنەکان نییە، بەڵکو هەموو ئەو گفتوگۆ نافەرمییانەشە کە ئەنجام دەدرێن."
"گرنگییەکی زۆر دەدرێت بە نەخشەی دانیشتنی خوانەکە. بۆیە ئەو کەسانەی لە بوارە سیاسییە دیاریکراوەکاندا کار دەکەن، لە تەنیشت یەکەوە دادەنرێن."
هەروەها بیرکردنەوەیەکی زۆر لە لیستی خواردن و مۆسیقاکە کراوە، کە "چەندین ئاماژە بە میراتە سکۆتلەندییەکەی" تێدا دەبێت.
وتارە حەوت خولەکییەکەی شا چارلسی سێیەم لە خوانەکەدا بە چەندین رەشنووسدا رۆیشتووە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە خاڵە دروستەکان دەوروژێنێت بەبێ ئەوەی هێڵە سیاسییەکان ببەزێنێت.
بەرپرسان دەڵێن هیچ ئاماژەیەکیان لە هاوتا ئەمریکییەکانیانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بەوەی ترەمپ لە وتارەکەیدا چی دەڵێت.
'فشار بۆ گەورەکردنی سەردانەکە'

تا ئێرە، هەمووی لۆجستی بوو – بەڵام ئاڵنگاریی سەرەکی بۆ رێکخەرە شاهانەییەکان دۆزینەوەی رێگەیەک بووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ترەمپ هەست بکات سەردانێکی رەسمی تەواوی بە هەموو وردەکاریەکانەوە ئەنجامداوە. ئەمەش کارێکی ئاسان نییە.
ترەمپ کەمتر لە 48 کاتژمێر لەسەر خاکی بەریتانیا دەبێت و سەردانی داونینگ ستریت ناکات، وتار بۆ پەرلەمان نادات، تەنانەت کاتیشی نابێت بۆ یاریکردنی گۆڵف.
یەکێک لە کاربەدەستانی کۆشک پێی وتم: "فشارێکی زۆری حکومەت هەبووە بۆ ئەوەی ئەم سەردانە زۆر گەورە دەربکەوێت و ئەمەش ئاڵنگارییەکە بووە."
قەبارەی مەراسیمەکان لە ویندسۆر زیاد کراوە، بە بەشداریی 1300 سەرباز و 120ئەسپ – کە زۆر زیاترە لەوەی کاتێک سەرۆک ماکرۆنی فەرەنسا لە سەرەتای ئەمساڵدا سەردانی کرد بەکارهێنرا. (بێگومان ئەمە خاڵێکە کە بە نهێنی بۆ ئەمریکییەکان جەختی لێدەکرێتەوە.)
چونکە نمایش و مەراسیمە رواڵەتییەکان جێگەی سەرنجی سەرەکی کۆشکی سپین لەم سەردانەدا؛ دەرفەتێکە بۆ سەرۆک تا وێنەی لەگەڵ شای ئینگلتەرا و شاژن و شازادە و شازادەژنی وێڵزدا بگیرێت، لەگەڵ نمایش و تیپی مۆسیقای سەربازی و فڕۆکەکانی (Red Arrows).
سەرچاوەیەک لە وایت هۆڵ (ناوەندی حکومەتی بەریتانیا) وتی: "تەرکیزەکە بە تەواوی لەسەر رواڵەتەکان، ساتە مێژووییەکە، و شکۆمەندییەکەیە. بۆ ترەمپ هەموو شتێک پەیوەندی بە نمایش و میدیاوە هەیە و ئەمەش کاتێکی نایابە."
یەکێکی تر وتی: "ئەمە شانۆگەرییە. هەمووی نمایشە. وا نییە کە بچینە ناو بابەتە قووڵەکانەوە. ئێمە لەبەر هۆکارێکی باش خۆمان لای بەهێزترین پیاوی جیهان شیرین دەکەین و ئێستا جیهان چاوەڕێی ئەم نمایشەیە."

خێزانی ترەمپ: میوانێکی گەرم و گوڕ:
لۆرد ماکدۆناڵد، بەرپرسێکی باڵای پێشووی حکومەت لە وەزارەتی دەرەوە، وتی بڕیاری ستراتیژیی بەریتانیا بۆ "بەخشینی بەرزترین رێزلێنان کە پرۆتۆکۆلی بەریتانی رێگەی پێدەدات" بە بەهێزترین پیاوی جیهان، بە وردی لەلایەن زۆرینەی جیهانەوە چاودێری دەکرێت.
وتیشی: "ئەم سەردانە رەسمییە تەنها بۆنەیەکی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا نییە. بەڵکو دەبێتە یەکێک لە گەورەترین هەواڵەکانی جیهان."
"ئەوبەشەی تری جیهان کە لێرە نین سەیری لەندەن و ویندسۆر دەکەن، کە ئەمەش پێگەی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی بەریتانیا لە ئاستی جیهانی بەرزتردەکاتەوە."
زۆرێک لە بەرپرسان دڵنیان کە سەردانەکە بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت، تەنها لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەکان دەیانەوێت سەرکەوتوو بێت.
ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارمەندانی کۆشک پێیان وابوو خێزانی ترەمپ لە ساڵی 2019دا میوانێکی گەرم و گوڕ بوون، هەردووکیان سوور بوون لەسەر ئەوەی هیچ هەڵەیەک نەکەن.
یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان وتی: "ترەمپ لە ژیانی تایبەتیدا دەتوانێت کەسێکی قسەخۆش بێت. شێوازێکی جوانی دەربڕینی هەیە کە شا رێزی لێدەگرێت."
بۆ حکومەتی بەریتانیا، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە فڕۆکەی 'ئێرفۆرس وەن' ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە هەڵبفڕێت لەکاتێکدا ترەمپ هەستێکی گەرمی بەرانبەر بەریتانیا هەبێت.
کاری جدی لە پشت نمایشەکانەوە:
جگە لە پێشکەشکردنی رۆژێک لە نمایش و مەراسیمی شاهانە، حکومەت کاری گرنگی هەیە کە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامی بدات کاتێک کارەکان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لادێیی سەرۆک وەزیران لە چێکەرز.
وەزیرەکان هیوادارن رێککەوتنێک بکەن بۆ دەرکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی بەریتانیا لە لیستی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا. هەروەها هەندێک هاوکاریی نوێی ئەتۆمیی مەدەنی دروستبکەن.
خاڵی سەرەکی سەردانەکە چاوەڕوان دەکرێت واژۆکردنی هاوبەشییەکی تەکنەلۆژی بێت، کە وەبەرهێنانی نوێ لە بەریتانیا و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ "سیلیکۆن ڤالی" لە بواری زیرەکیی دەستکرد و کۆمپیوتەری کوانتەمدا لەخۆدەگرێت.
سەردانەکە هەروەها دەرفەتێکی گرنگ دەداتە سەرۆک وەزیران سێر کییەر ستارمەر تا تەنها هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرنجی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆی رابکێشێت، بەتایبەتی لەسەر بابەتی ئۆکراین.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: "وا دیارە ترەمپ لەسەر رێڕەوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە پوتن، و بەرەو داننان بەوەی کە پێویستی بە رێگەیەکە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا بوەستێتەوە."
بەڵام ترەمپ لە بەریتانیادا کەسایەتییەکی خۆشەویست نییە. راپرسییەکی "یوگۆڤ" (YouGov) لە مانگی تەمموزدا دەریخست کە تەنها 16%ی بەریتانییە بەشداربووەکان دەڵێن دیدێکی ئەرێنییان بەرامبەری هەیە.
حکومەت دەبێت بۆ دەنگدەران رونی بکاتەوە بۆچی پێی وایە ئەم سەردانە رەسمیە هەوڵێکە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی بەریتانیا.