خەمیس خەنجەر: لەگەڵ ھێزە نیشتمانییەکان ھەوڵی دەستپێشخەریەک دەدەین بۆ رێگری لە ئاشوب
کوردسات نیوز
٣٠ی ئابی ٢٠٢٢
خەمیس خەنجەر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ ھێزە نیشتمانییە دڵسۆزەکان ھەوڵی دەستپێشخەریەک دەدەن بۆ رێگری لە ئاشوب.
داواشی لە ھێزە ئەمنییەکان و سەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکان کرد رەوشەکە کۆنترۆڵ بکەن، خوێنی عێراقی گەورەترە لە ھەموو یاسا و ماوە دەستورییەکان و پشتیوانی ھەر بڕیارێک دەکەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن، یاخود ھەر داڕشتنێکی تر کە سەقامگیری بگێڕێتەوە.
لەلایەکی ترەوە کۆمەڵەی زانایانی شەریعەت داوای لە ھەموو مەرجەعەکان کرد بەرپرسیارێتی مێژوویی ھەڵبگرن و دەستپێشخەرییەکی بەپەلە بکەن بۆ دەرکردنی پەیماننامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی و پابەندکردنی ھەموو لایەنە سیاسییەکان بە قبوڵکردنی و کارپێکردنی تا ئەو کاتەی چارەسەرێک بۆ گێژاوی سیاسی مەترسیدار دەدۆزرێتەوە.



