موقتەدا سەدر وازھێنانی یەکجاری لە کاری سیاسی راگەیاند
کوردسات نیوز
٢٩ی ئابی ٢٠٢٢
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا رایگەیاندوە، پێشتر بڕیاری دابوو چیتر دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدات، ئێستاش بڕیاری وازھێنانی یەکجاری داوە و سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بە رەوتی سەدریش دادەخات.
جگە لە مەزارگە و مۆزەخانەی پیرۆز و دەستەی شوێنەواری سەدر، ئاماژەی بەوەشکردوە، نەجەف ھەر بە گەورەترین مەرجەعی عێراق دەمێنێتەوە.
نوسینگەی موقتەدا سەدریش دوای ئەو بڕیارە رونکردنەوەیەکی سێ خاڵی بڵاوکردەوە و لە یەکەمیاندا ئاماژەی بەوە کردوە، چیتر بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادرێت بەناوی رەوتی سەدرەوە ھیچ کارێکی سیاسی و حکومی بکرێت.
لە خاڵی دووەمیشدا ھاتووە، بەھیچ شێوەیەک رێگە نادرێت لە ئێستا بەدواوە بە ناوی رەوتی سەدرەوە دروشم و راگەیەندراوی سیاسی بڵاوبکرێتەوە، خاڵی سێیەمیش دەڵێت بەھیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ھەر ھۆکارێکی راگەیاندن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بەناوی رەوتی سەدرەوە بەکاربھێنرێن.
ھەر دوای ئەو پەیامەی موقتەدا سەدریش، ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە، سەرجەم ھەژمارەکانی لە ھەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخست و لیژنەی ناوەندی خۆپیشاندانەکانی ناوچەی سەوزیش لە بەغداد کارەکانی ھەڵپەسارد.