رەوتی سەدر: دوای ٧٢ سەعاتەکە موقتەدا سەدر دەست لە ھیچ کاروبارێک وەرنادات
کوردسات نیوز
٢٩ی ئابی ٢٠٢٢
(سەباح ساعدی) سەرکردە لە رەوتی سەدر رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت شەڕی گەلە بۆ چاکسازی لە دژی گەندەڵی و شکستخواردوەکان و مەرجەعیەتیش بەھیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئەو شەڕە ناکات و لێی ناکشێتەوە.
وتیشی، تا ئێستا چوارچێوەی ھەماھەنگی دەستپێشخەرییەکی پێشکەش نەکردووە کە ئامانجەکەی چاکسازی و لەناوبردنی گەندەڵی و گەندەڵکاران بێت، بەڵکو حکومەتێکیان دەوێت کە تەنھا بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانیان بۆ بەدەستبھێنێت.
ئەو سەرکردەیەی رەوتی سەدر ھۆشداریشدا و وتی، دوای کۆتایی ھاتنی ماوە ٧٢ سەعاتیەکەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوەی سەرجەم لایەنەکان لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، سەدر ھیچ جۆر دەستوەردانێک ناکات و بڕیار دەکەوێتە دەستی گەل بەوەی خۆپیشاندان دەکەن یا مان دەگرن.


