دەوڵەتی یاسا: ئەوەی وەزیرەکەی سەدر پێشنیازیکردووە جێبەجێناکرێت
کوردسات نیوز
٢٨ی ئابی ٢٠٢٢
فازڵ مەوات، سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالکی سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاند، ئەوەی وەزیرەکەی سەدر پێشنیازیکردووە جێبەجێناکرێت، بە تایبەت کە ئەو مەرجە دەستووری و یاسایی نییە و ھیچ شتێکیش نییە رێگە لە بەشداریکردنی ھێزە سیاسییەکان، لە قۆناغی داھاتووی پڕۆسەی سیاسی بگرێت.
وتیشی، ئەوەی وەزیرەکەی سەدر پێشنیازیکردووە، قەیرانی سیاسی قووڵتر دەکاتەوە و چارەسەری ناکات و پەسەند نییە کوتلە و حزبە سیاسییەکان، کە پێگەی جەماوەرییان ھەیە پەراوێز بخرێن.
رۆژی شەممە ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر، رایگەیاند، گرنگتر لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی پێشوەخت، بەشدارینەکردنی ھەموو ئەو پارت و کەسایەتیانەیە کە لە دوای ٢٠٠٣وە بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسیدا کردووە، بە رەوتی سەدریشەوە، ئامادەیی خۆیشی پیشاندا، لە ماوەی ٧٢ سەعاتدا رێککەوتنێک ئیمزا بکەن کە ئەو داوایە لەخۆبگرێت.



