ئەنجومەنی ئەوروپا ڕەتیدەکاتەوە پشتیوانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکات
٢٨ی ئابی ٢٠٢٢
ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دوایین ھەڵبژاردن و کەمی ڕێژەی بەشداربوون، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی دیکە بۆ ڕازیکردنی لایەنێک ڕەنگە ببێتە ھۆی شێواندن و تێکدانی ئەو پڕۆسە دیموکراسییەی کە لەعێراق ماوە.
باسی لەوەشکردووە، ڕێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی عێراق ٤٣.٥٤% بووە و لە بەغدادی پایتەخت ٣٣.٨٨% بوو، ھەربۆیە ھیچ ھۆکار نییە تاوەکو بڵێن ڕەوشی عێراق پێچەوانەی ئێستا دەکاتەوە و ئەگەرێکی لاواز ھەیە ڕەوشەکە بەرەو پێش ببات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستوری عێراق خشتەیەکی کاتی بۆ پێکھێنانی حکومەت دیاریکردووە و ھیچ ڕێوشوێنێکی دیکە نییە کە پڕۆسەکە شکستیھێنا ھەڵبژاردنی دووبارە بکرێتەوە، ھەربۆیە فشارەکانی فراکسیۆنێکی پەرلەمانی و شوێنکەوتەکانیان بەشێوەیەکی نادەستوری زیان بە پڕۆسەی دیموکراسی دەگەیەنێت.
ئەنجومەنی ئەوروپا داوش لە سیاسییەکانی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە پشتگیری لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق، تەنھا لەبەر ئەوەی فراکسیۆنێک لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکە ڕازی نییە و ھەڕەشە و تووندوتیژ بەکار دەھێنێت.