ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر، لە تویتێکدا رایگەیاند، گرنگتر لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی پێشوەخت، بەشدارینەکردنی ھەموو ئەو پارت و کەسایەتیانەی کە لە دوای ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسیدا کردووە، بە ھەموو سەرکردە و وەزیری و فەرمانبەر و پلە تایبەتەکانی حزبەکان، بە رەوتی سەدریشەوە.

راشیگەیاند، ئەوە لە جێگەی ھەموو ئەو دەستپێشخەریانەیە، کە ھەندێک بەدوای ئەوەن، لەناویاندا نەتەوەیەکگرتووەکان، ئامادەیی خۆیشی پیشاندا، لە ماوەی ٧٢سەعاتدا رێککەوتنێک ئیمزا بکەن کە ئەو داوایە لەخۆبگرێت، وتیشی نابێت بڵێن دوای ھەڵبژاردنی داھاتوو ئەوە بەدی دەھێنن، بەڵکو ئەگەر ئەو داوایە بەدی نەھێنرێت، ئەوا ھیچ بوارێک بۆ چاکسازی نامێنێتەوە و ئەوکات پێویست ناکات ئەو بە تویت یان ھەر شتێکی تر، دەستوەردان لەو شتانەی بکات کە لە داھاتوودا روودەدەن.