لە وەرچەرخانێکی سەیر و پارادۆکسێکی جیهانیدا، چین ئەمڕۆ روبەروی کێشەیەکی تەواو نامۆ بووەتەوە، ئەویش کەمیی خۆڵ و خاشاکە!
لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدەست کەڵەکەبوونی کێوی خۆڵ و خاشاک و لێکەوتە ژینگەییەکانیەوە دەناڵێنن، چین خۆی لە دۆخێکی پێچەوانەدا دەبینێتەوە — کە تێیدا وێستگەکانی سووتاندنی خاشاک ئیتر بە تەواوی توانای خۆیان کار ناکەن... بەڵکو هەندێکیان ناچاربوون خاشاک لە ناوچەکانی تر بکڕن تەنها بۆ ئەوەی بە کارا بمێننەوە!
لە ساڵانی رابردوودا، چین وەبەرهێنانێکی گەورەی — کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرا — لە دروستکردنی ژێرخانێکی پێشکەوتوو بۆ لەناوبردنی خاشاکدا کرد، بەتایبەتی لە رێگەی سووتاندنەوە، وەک هەوڵێک بۆ دوورکەوتنەوە لە زبڵدانەکان کە شارە گەورەکانیان پیس دەکرد. بەڵام جێگەی سەرسوڕمان بوو کە ئەم وێستگە نوێیانە "برسی" بوون... چونکە بڕی خاشاکی بەردەست چیتر بەشی پێداویستیی ئەوانی نەدەکرد!
بۆچی خۆڵ و خاشاک گەیشتە نەمان؟
هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتە فراوانەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە (ریسایکلین) کە لەلایەن حکومەتی چینەوە سەپێندران، کە ئەمانەی لەخۆگرتبوو:
-
سەپاندنی جیاکردنەوەی ناچاریی خاشاک لە ماڵان و کۆمپانیاکاندا.
-
تونترکردنی چاودێری بەسەر کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی خاشاکدا.
-
هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە گرنگیی بەکاربردنی بەرپرسیارانە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان.
لە ئەنجامدا، هاووڵاتیان هۆشیارتر بوونەتەوە: کەرەستەکان دووبارە بەکاردەهێننەوە، بەکارهێنانی پلاستیک کەمدەکەنەوە، و بەشێوەیەکی باشتر خاشاک جیا دەکەنەوە — کە ئەمەش بڕی "خۆڵی بۆ سوتاندن" بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
ئەم دۆخە وایکردووە کە هەندێک لە وێستگەکانی سوتاندن، خاشاک لە ناوچە دوورەدەستەکان یان تەنانەت لە شارەکانی تریش بکڕن... تەنها بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارکردنی هێڵەکانی بەرهەمهێنانیان! ئەمەش پارادۆکسێکی گاڵتەجاڕانەیە: لە کاتێکدا جیهان پارەیەکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە خاشاکەکەی رزگاری بێت، چین پارە دەدات بۆ ئەوەی دەستی بکەوێت!
لەلایەنی ژینگەییەوە، ئەم پێشهاتە بە ئەرێنی دادەنرێت چونکە بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان کەمدەکاتەوە، ئابووریی سووڕاوە (circular economy) بەهێز دەکات، و پیسبوون کەمدەکاتەوە.
بەڵام لەلایەنی ئابوورییەوە، وەبەرهێنانی ملیارات دۆلار لە وێستگەیەکدا کە بە تەواوی توانای خۆی کارناکات، بە زیانێکی گەورە دادەنرێت — مەگەر ئەم وێستگانە بگونجێندرێن بۆ وەرگرتنی جۆری تری خاشاک، یان بە شێوازی نەرمتر بەڕێوەببرێن.