لە ١٠ ساڵدا زیاتر لە ٥٦٠ ھەزار پەنابەر داوای مافی پەنابەرییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە
٢٩ی ئازاری ٢٠٢٢
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا، ئاماری ١٠ ساڵی ڕابردووی داواکردنی مافی پەنابەری و گیان لە دەستدانی پەنابەرانی لە تورکیا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ساڵی ٢٠٢١، ٥٦٨ ھەزار و ٤٥٩ پەنابەری نەتەوە جیاوازەکان داوای مافی پەنابەرییان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا کردووە.
ڕاشیگەیاندووە لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٩ پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی یەکەمدابوون، بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، ھەروەھا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردووشدا ١٦٨ ھەزار و ١٧٠ پەنابەری ھەرێم و عێراق داوای مافی پەنابەرییان کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ پەنابەرانی ھەرێم و عێراق لە پلەی دووەمدا بووە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ملیۆنێک و ٦٥٠ ھەزار و ٧١٣ پەنابەری نەتەوە جیاوازەکان لە سنورەکانی تورکیا دەستگیرکراون کە ھەوڵیانداوە بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٩٧ ھەزاریان پەنابەرانی ھەرێم و عێراق بوون، ھەروەھا لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٢ ھەزار و ٢٨٤ پەنابەر لە سنورەکانی تورکیا گیانیان لە دەستداوە.