قەیس خەزعەلی: تورکیا ناچار دەکەین عێراق جێبھێڵێت
کوردسات نیوز
٢ی شوباتی ٢٠٢٢
خەزعەلی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، حکومەتی عێراق بەردەوام لەسەر پێشێلکارییەکانی تورکیا بێدەنگە ، ئەوەش وایکردووە پێشێلکارییەکانی بۆ سەر سەروەری عێراق بەردەوام بێت، دەشڵێت، سوپای تورکیا لە دوای ئەوەی سەربازگەکانی لە باکوری عێراق جێگیرکردووە زیاتر زیادەرەوی دەکات و بە بیانوی جیا بۆردومانی مەدەنیەکان دەکات .
خەزعەلی بەتوندی ئیدانەی بۆردومانەکانی تورکیای کردووە دژی ھاوڵاتیان و کەمپی ئاوارەکان و زیادکردنی نەھامەتیەکانیان ، ھەرەشەی ئەوەشی کردووە کە لە کاتی گونجاودا بەرگریکارانی عێراق زەبری توند لە تورکیا دەدەن و ناچاریان دەکەن وڵاتەکە جێبھێڵن .
لەلایەکی تریشەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئیدانەی بۆردومانەکانی تورکیای کردووە و رایگەیاندوە لە رێی بۆردومانەکانەوە تورکیا جارێکی تر سەروەری عێراقی پێشێلکردووە.