قوباد تاڵەبانی: لە بەیانییەوە هەڵمەتێکی گەورە بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی سلێمانی دەستپێدەکات
محەمەد رزگار
١٥ی نیسانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی هەڵمەتێکی گەورەی بۆ چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی سلێمانی راگەیاند.
بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی هاتوچۆ و نۆژەنکردنەوەی ئەو شەقامانەی بەهۆی بارانبارین و هۆکارە جیاوازەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوان و خێرای بۆ چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی ناو شار و دەرەوەی شاری سلێمانی راگەیاند.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و رێگاوبان، بڕیاردرا لە بەیانییەوە هەڵمەتەکە لە ناو شاری سلێمانییەوە دەستپێبکات و پاشان رێگا سەرەکییەکانی دەرەوەی شار بگرێتەوە. هەروەها جەختکرایەوە لەسەر دەستپێکردنی چەند پڕۆژەیەکی نوێی شەقام کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە.
بۆ یەکەمجاریش، شارەوانی سلێمانی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت دەخاتەگەڕ، کە لە هەفتەی داهاتووەوە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەیەوە شوێنی چاڵ و خراپیی شەقامەکان بنێرن، تا تیمەکانی نۆژەنکردنەوە بە خێرایی بگەنە شوێنەکە و چارەسەری بکەن.



