کرملن: شەڕی ئێران شەڕی ئێمە نییە و ئامادەین یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە وەربگرین
محەمەد رزگار
١٥ی نیسانی ٢٠٢٦
لە کاتێکدا ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران توندتر دەکات، کرملن رایدەگەیەنێت؛ شەڕی ئێران شەڕی ئەوان نییە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' رایگەیاند، روسیا بە هیچ شێوەیەک بەشدار نییە لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی لە ناو خاکی ئێراندا بەڕێوەدەچن و جەختی کردەوە: "ئەمە شەڕی ئێمە نییە."
پێسکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیا جیهانییەکان ئاشکرایکرد، مۆسکۆ هیچ پاڵپشتییەکی سەربازی پێشکەش بە تاران نەکردووە و لایەنێک نییە لەو ململانێیە.
روسیا دووبارە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەناو خاکی خۆیدا، وەک چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە ئەتۆمییەکان.
وتەبێژی کرملن ئاماژەی بەوەکرد، ڤلادیمێر پوتن لە مێژە ئەم پێشنیازەی خستووەتە ڕوو، بەڵام لایەنی ئەمریکی رەتیکردووەتەوە و لە ئێستادا لەسەر مێزی گفتوگۆ نەماوە.
وتیشی: "ئێران ئامادەیە بۆ ئەم بژاردەیە، بەڵام ئەمریکا داواکاری و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەیە، پێویستە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان یەکبخرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە چارەنووسی نزیکەی 440 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ناوخۆی ئێراندا بە نادیاری ماوەتەوە و بووەتە جێی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.


