وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، هیوادارن هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا رۆڵی هەبێت لە كۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی و ئابوری وڵاتەكە.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێشوازی لە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكەن بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا و هیوادارن ئەم هەنگاوە رۆڵی هەبێت لە سەقامگیری سوریا و كۆتایی بە تەنگوچەڵەمە و قەیرانی مرۆیی و ئابوری وڵاتەكە بهێنێت. 

دەشڵێت، وەزارەت پاڵپشتی هەوڵە دیبلۆماسیەكانی سعودیە و شا سەلمان پاشای سعودیە و محەمەد بن سەلمان شازادە جێنشین دەكات بۆ پشتگیریكردنی گەلی سوریا و پێشنیازكردنی پرۆژەی لابردنی سزاكانی سەر سوریا. 

وەزارەتی دەرەوەی عیراق جەخت لە یەكڕیزی وڵاتانی عەرەبی دەكاتەوە لەم قۆناغەدا لەگەڵ هاریكاری نێوانیان كە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش بگەیەنێت.