دوو هەفتەیە رێگری لە بینینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی دەکرێت
رەوەز
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لەلایەن بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێرەوە ڕێگری کراوە لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی کە ماوەیەکە لە چاکسازی گەورانی هەولێر راگیراوە.
ئیبراهیم عەباس چالاکوانی مەدەنی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "لە دوو هەفتەی رابردوودا رێگرییان لێکراوە سەردانی چاکسازی گەورانی هەولێر بکەن بە مەبەستی بینینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی."
ئیبراهیم عەباس ئاماژەی بەوەشدا: "بە رەسمی داوایان لە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە بۆ بینین و سەردانیکردنی شێروان شێروانی، کەچی سەرباری وەرگرتنی رێگەپێدانی سەردانیکردنی، لەلایەن ئیدارەی چاکسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ دووەمین جارە بڕیاری وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی رەتدەکرێتەوە و رێگریان لێ دەکرێت سەردانی رۆژنامەنووسی ناوبراو بکەن."
چالاکوانەکە جەختی کردەوە کە "ئەمەش پێشێلکردنی زەقی یاسا و دەستوەردانی ئاشکرای سیاسییە لە کەیسی ئەو رۆژنامەنووسە."
شێروان لە ئۆکتۆبەری 2020 لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و چالاكوانێكی دیکەی بادینان دەسگیرکران و لە 16ـی شوباتی 2021 بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران و لە شوباتی 2022 پاش ناڕەزایەتى و کاردانەوەكان بە مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم سزاکانیان بەڕێژەی سەدا 50 تا سەدا 60 کەمکرایەوە.
ئەیلولی 2023 ماوەى سزاکەى شێروان تەواودەبوو، بەڵام دۆسیەکى تازە ئەوى لە زیندان هێشتەوە و لە 26ـی 10ـی 2023 سزاكەی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە.