قوباد تاڵەبانی: هیچ سەرکەوتنێک وەک چیرۆکی سەرکەوتنی کەمئەندامێک هاندەر و ئیلهام بەخش نییە
رەوەز
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە میانەی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ یاری گۆڵ بۆڵی نابینایان، پشتیوانی خۆی بۆ پەرەپێدانی وەرزشی کەمئەندامان دووپات کردەوە.
قوباد تاڵەبانی لە وتەیەکیدا جەختی کردەوە کە "هیچ سەرکەوتنێک وەک چیرۆکی سەرکەوتنی کەمئەندامێک هاندەر و ئیلهام بەخش نییە نەک هەر بۆ کەمئەندامان بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کەمئەندامان "سیمبولی ئیرادە و هەڵگری پەیامی سەرکەوتنی ئیرادەن بەسەر کەموکورتی و بێ هیواییدا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی یانەی وەرزشی رۆژی کرد بۆ خەمخۆری و هەوڵەکانیان لە پێناو پێشخستنی وەرزشی کەمئەندامان و رێکخستنی ئەم پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە، کە بە وتەی خۆی "نموونەیەکە لە کارە جوانەکانیان".
شایەنی باسە، ئەم پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییە بە بەشداریی چەندین وەرزشوانی نابینا لە وڵاتانی جیاوازەوە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت.