دەستەی دەستپاكی هێنانەوەی بەڕێوەبەری پێشووی بەندەرەكانی عیراقی لە میسرەوە راگەیاند
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
دەستەی دەستپاكی عیراق گەڕاندنەوەی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی كۆمپانیای بەندەرەكان لە میسرەوە رادەگەیەنێت كە لەسەر گەندەڵی دەستگیركراوە.
لە راگەیەنراوێكدا، دەستەی دەستپاكی عیراق ئاشكرایكردووە، هێنانەوەی فەرحان فەرتووسی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی كۆمپانیای بەندەرەكانی عیراق بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی راستەوخۆی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ داواكاری گشتیی، دەزگای هەواڵگری و پۆلیسی نێودەوڵەتی بەڕێوەچووە و لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدادەوە لە میسرەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ عیراق بۆئەوەی لە بەردەم دادگا ئامادەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تۆمەتەكانی فەرتووسی پەیوەستن بە قۆستنەوەی پۆستەكەی لە كاتی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای گشتیی بەندەرەكانی عیراق سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و بوونی دۆسێی سپیكردنەوەی پارە و كۆكردنەوەی سامانی نایاسایی، دادوەری دادگای كەتنی ناوەندیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دوای لێكۆڵینەوە لە بەڵگەنامەكان، بەپێی ماددەی 19 لە یاسای دەستپاكی و دەستكەوتی نایاسایی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركردووە.


