سێنتکۆم: گەروی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە و هیچ باجێک لە کەشتییەکان وەرناگیرێت
محەمەد رزگار
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سێنتکۆم کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی گەروی هورمزی لەلایەن هێزەکانیان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیانەوە راگەیاند و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە وەرگرتنی باج و رسومات دەکەن لەو کەشتییانەی بە گەروەکەدا تێدەپەڕن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا، بڵاویکردووەتەوە، وەڵامی زنجیرەیەک لێدوانی فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانی دایەوە کە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا بڵاوکرابوونەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا، سێنتکۆم ئەو زانیارییانەی بە درۆ خستەوە کە باس لە وەرگرتنی 2.5 ملیۆن دۆلار وەک رسومات لە کەشتییەکان دەکەن و جەختی کردەوە، ئەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە لەژێر پاراستنی ئەمریکادا بەبێ هیچ بەرانبەرێکی دارایی و بە شێوەیەکی ئازاد و پارێزراو بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا کراوەیە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە تا ئێستا هەزاران کەشتی و ملیاران بەرمیل نەوتی خاو بە سەلامەتی بەو گەروەدا تێپەڕیوون.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا، سێنتکۆم رەتیکردەوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن) لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"دا رووبەڕووی هیچ هێرشێکی ئێران بووبێتەوە یان داوای هاوکاریی کردبێت بۆ گواستنەوەی سەربازەکانی؛
جەختیشیکردەوە، گروپی هێرشبەری یاوەری کەشتییەکە ئەرکە جەنگییەکەی خۆی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و مانگی رابردوو بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە بۆ ئەمریکا.


