سی ئێن ئێن نوێترین زیانەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێران بڵاودەکاتەوە و بەبێ زیانی سەربازگەکان، ئەمریکا 45 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە و  81 فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و درۆنی لە دەستداوە.

سی ئێن ئێن،بە پشتبەستن  بە راپۆرتێکی نوێی دەستەی توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاشکرای کردوە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، 81 فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر و درۆنی سوپای ئەمریکا تێکشکاون یان زیانیان پێگەیشتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ژمارەیە 45ـیان درۆنی جۆری (MQ-9 Reaper)ن کە زیاتر لە نیوەی تەواوی زیانەکان پێکدەهێنێت، جگە لەوەش، فڕۆکەی پێشکەوتوی وەک (F-35A) و فڕۆکەی راداری گەورەی (E-3 Sentry) لە لیستەکەدان.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، تێچوی کۆی گشتیی ئەو فڕۆکانەی تێکشکاون لە نێوان 1.9 بۆ 3.3 ملیار دۆلاردایە. ئەمە لەکاتێکدایە، کە تێچوی تەواوی جەنگەکە تا ئێستا 45 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەبێ هەژمارکردنی زیانی بنکە سەربازییەکان.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەی سی ئێن ئێندا هاتوە؛ کۆنگرێس رەخنە لە وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی گرتوە، بەهۆی تەمومژاویبوون و ناڕونی  زانیارییەکان لەسەر زیانەکان.