دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی هەڵسوکەوتی ناپیشەیی چەند پاسەوانێکی لیوای بەرگری و فریاکەوتن لەبەردەم بانکی مەڵکەندی و بەرانبەر چەند خانەنشینێک، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە و بەپێی رێکارەکان مامەڵە لەگەڵ پاسەوانەکاندا دەکرێت.

دەقی راگەیەنراوەکە:

دوای ئەوەی چەند پاسەوانێکی سەر بە لیوای بەرگری و فریاکەوتن لە بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بە شێوەیەکی ناپیشەیی هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەیان بەرامبەر بەو خانەنشینە بەڕێزانە دەکەن کە بۆ وەرگرتنی موچەکانیان سەردانی بانکەکەیان کردبوو، لەسەر راسپاردە و فەرمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستە دەزگای ئاسایشی هەرێمی راسپارد بەهاوبەشی لەگەڵ لیوای بەرگری و فریاکەوتن بە پێکهێنانی ئەنجومەنی لێکۆلینەوە و بەدواداچون بۆ روداوەکە، لەئێستادا چوار لە پاسەوانەکان راگیراون و بەپێی دیسیپلین و رێکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

هەموو هاوڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، راگیراوەکان روبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە بەپێی یاسا بەرکارەکان، هەرگیز لە هیچ جۆرە بێ رێزیکردن و شکاندنی شکۆی هاوڵاتییانمان چاوپۆشی ناکەین.

 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان