وەزارەتی بەرگریی روسیا: ئاگربەست کۆتایی هات و هێرشی چڕمان بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکرد
بڵند
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی مۆڵەتە سێ رۆژەکەی ڤلادیمێر پوتن هێرشەکانیان بۆسەر ئۆکراین بە چڕی دەستپێکردوەتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بە هێرشە ئاسمانییەکانیان کردووەتەوە و چەندین دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی و ناوەندی لۆجستی و دابەشکردنی کەلوپەلی سەربازییان لە کیێڤی پایتەخت و دەوروبەری کردوەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشە چڕەکانی شەوی رابردوو لە رێگەی چەکی پێشکەوتووی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی، لەگەڵ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مەودا درێژەوە ئەنجام دراون.
ئاماژەبەوەشکراوە، لە هێرشەکاندا بنکەکانی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی درۆن و موشەک و کەشتییەکی بارکردنی سوتەمەنی تایبەت بە سوپای ئۆکراینیان کردوەتەوە ئامانج.
دەستپێکردنەوەی ئەم هێرشانەش بۆ سەر پێگەکانی سوپای ئۆکراین دوای کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستە سێ رۆژەیە دێت، کە پێشتر ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا بۆ کیێڤی پایتەخت رایگەیاندبوو، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی نێردراوانی ئەمریکا بۆ ئەو شارە.


