دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە، ناوی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ بگۆڕدرێت بۆ نیو ئەمریکا، بەڵام پارێزگاری ویلایەتەکە دەستبەجێ پێشنیازەکەی رەتکردەوە.

پێشنیارەکەی ترەمپ دوای چەند رۆژێک دێت لە ئیمزاکردنی مەرسومێکی کۆشکی سپی بۆ گۆڕینی ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ دەریاچەی ئەمریکا لە ئاکامی ئاڵۆزبوونی جەنگی بازرگانی نێوان وڵاتەکەی و کەنەدا.

سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "زۆر کەس پێشنیازی گۆڕینی ناوی نیو مەکسیکۆیان کردووە بۆ نیو ئەمریکا"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە ناوێکی شایستەتر و جوانترە بۆ دانیشتووانی ئەو ویلایەتەی کە توانایەکی بێپایانی هەیە و من ئاشقی ئەو ناوەم"، هاوکات کۆشکی سپیش وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا وشەی مەکسیکۆ لەسەر ناوی ویلایەتەکە سڕدراوەتەوە و وشەی ئەمریکا لە جێگەیدا دانراوە.

لای خۆشییەوە، پارێزگاری ویلایەتی نیو مەکسیکۆ رایگەیاند؛ بابەتەکە بە هیچ جۆرێک قابیلی گفتوگۆ نییە و ئەو ناوە پێش دامەزراندنی ئەمریکاش ناوی ناوچەکەیان بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ دەیەوێت بەم بابەتانە سەرنجی ئەمریکییەکان لەسەر کێشە سەرەکییەکان بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لابدات.

میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، بیرۆکەکە لە بنەڕەتدا وەک گاڵتەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەریهەڵداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە ساڵی 2025 ناوی کەنداوی مەکسیکۆی گۆڕی بۆ کەنداوی ئەمریکا، رووبەڕووی رەتکردنەوەی توندی مەکسیکۆ بووەوە، هەروەک هەفتەی رابردووش پێشنیازی گۆڕینی ناوی گەروی هورمزی کرد بۆ گەرووی ترامپ بەڵام دواتر رایگەیاند کە پێشنیازەکەی جددی نەبووە.