نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی 9ـی 2026، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە فەریق روکن عومەر ساڵح فەرماندەی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار، لە دیدارەکەدا باس لە چەند پرس و پێشهاتی ئەمنیی کراوە، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی نێوان پێکهاتە و هێزە جیاوازەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی پاراستنی هاووڵاتیان و پاراستنی سەقامگیری.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستیی پەرەپێدانی تواناکانی هێزی پێشمەرگە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەییان کرد و ستایشی رۆڵی ئەو هێزەی کرد لە ئەنجامدانی ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا.

لای خۆیەوە، فەریق روکن عومەر ساڵح، گرنگترین ئەرک و بارودۆخی هێزەکانی 70ـی خستەڕوو، جەختی لە بەردەوامیی کارکردن و هەماهەنگی کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری بکات.